قالە مەڕە

28 نوامبر 2012 بیان دیدگاه

سمکۆ

27 نوامبر 2012 بیان دیدگاه

ئیسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک (١٨٨٧-١٩٣٠) شۆڕشگێڕێکی کوردی ڕێبەری ھۆزی شکاک بوو کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژاوای گۆلی ورمێ لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە.

عکس

سمکۆ

ژیان

سمکۆ ناوی ئیسماعیلە و‌ کوڕی‌ محەمەد پاشای‌ کوڕی‌ عەلی‌ خانی‌ کوڕی‌ ئیسماعیل ئاغای‌ شکاکە و بنەماڵەکەیان لە مێژەوە گەورە و دەسەڵاتداری‌ خێڵی‌ شکاک بوون. سمکۆ ساڵی١٨٨٧ لەدایک بووە و پاش مردنی‌ باوکی‌ و جەعفەر ئاغای‌ برای‌، سەرکردایەتی‌ شکاکی‌ گرتۆتە دەست و لەدوای‌ جەنگی‌ یەکەمی‌ جیھانییەوە ھاتۆتە کۆڕی‌ خەبات و کوردایەتی یەوە. ھەرچەندە لە ساڵانی‌ جەنگی‌ یەکەمی‌ جیھانیدا سمکۆ لە ھیچ چالاکییەکی‌ سیاسی بەشداری‌ نەکردبوو، بەڵام ھێزەکانی‌ روسیاگرتیان و دووریان خستەوە بۆ شاری تفلیس و دواتر ئازادیان کرد بەو مەرجەی‌ لە خۆی دابنیشێ‌ و ھیچ ھەڵوێستێک دژی ڕووسەکان نەنوێنێت.

شۆڕشی سمکۆ

کە جەنگی‌ یەکەم کۆتایی‌ ھات سمکۆ وەک سەرکردەیەکی‌ سیاسی‌ ناوی‌ دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی‌ ئیدارەیەکی‌ کوردیدا ساڵی‌ ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاکرد و گەلێ ناوچەی‌ گرنگی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، ساڵی ١٩٢١ لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی‌ گەورەی‌ ھێزەکانی حکومەتی‌ ئێراندا سمکۆ ناچار بوو پاشەکشێ‌ بکات و پەنا بەرێتە بەر تورکیا. ساڵی‌ ١٩٢٤ بە بڕیارێکی‌ لێبوردن گەڕایەوە ئێران و ساڵی‌ ١٩٢٦ جارێکی تر شۆڕشی‌ بەرپاکردەوە. بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکاو ماوەیەک لە تورکیادا بە دەستبەسەری‌ مایەوە. پاش ئازاد کردنی‌ گەڕایەوە ئێران و ساڵی‌ ١٩٣٠ بە پیلانێکی‌ کاربەدەستانی‌ ئێران لە شاری شنۆ کوژرا، بەمەش شۆڕشەکەی‌ شکاک کۆتایی‌ ھات کە یانزە ساڵ درێژەی‌ کێشابوو.

ڕۆژنامەی کوردی(سمکۆ١٣٤٠)

لەشکر و تۆپخانەی سمکۆ

تەرمی سمکۆی شکاك

برچسب‌ها:

ئەحمەد کایا

24 نوامبر 2012 بیان دیدگاه

ئەحمەد کایای گۆرانیبێژو ئاوازدانەرو مۆسیقار، لەساڵی ١٩٥٧ لەشاری مەلاتیەی باکووری کوردستان لەدایک بووە. دواتر بنەماڵەکەیان بەئومێدی ژیانێکی باشتر روودەکاتە ئەستانبۆڵ. ئەحمەد لەئەستانبۆڵ تێکەڵی سیاسەت دەبێ. لەگەڵ سیاسەتیش خۆی فێرە مۆسیقا دەکاو شیعر دەنووسێ و لەپێناوی بژێوی ژیانیشیدا ھەموو جۆرە کارێک دەکا، دەبێتە شۆفێری لۆری و فرۆشیاری گەڕۆک و کرێکار. لەساڵی ١٩٨٥ بڕیاردەدا یەکەمین ئەلبومی گۆرانییەکانی بلاوبکاتەوە، بەلام لەبەرئەوەی شێوازەکەی، شێوازێکی نوێیە ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانەن. ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادەنابێ ھاوکاری بکات. ھەڵوێستا دەزگاکان ساردی ناکەنەوە، بەھاوکاریی دۆستەکانی یەکەمین ئەلبوومی خۆی بەناوی (مەگری بچکۆل) بلاودەکاتەوەو رەواجێکی باشی لەلای خەڵکی دەبێ، بەلام حکومەت قەدەغەی دەکات.

گۆرانیبیژی ھەژاران ئەحمەد کایا کە بەگۆرانییە کۆمەلایەتییەکانی دەبێتە گۆرانیبێژی خەڵکی ھەژارو کوردی ستەمدیدەی تورکیا، گۆرانییەکانی بەچەکێک دەزانێ لەدژی بێ دادی و دوژمنانی بوونی کوردو بەوھۆیەوە گەلێ جار دەگیرێ و گۆرانییەکانی قەدەغەدەکرێن و رێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە. لەئاداری ١٩٩٩، کاتێ خەلاتی باشترین گۆرانی ساڵ لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی وەردەگرێ، رایدەگەیەنێ: (من گۆرانییەکی کوردیم لەناو ئەلبومە تازەکەم داناوە، چونکە من بەرەسەن کوردم! گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبومە تازەکەم بلاوبکەنەوە! تورکیا گرفتێکی ھەیە بەناوی (کوردستان)، لەبەرئەوە من ھەرگیز لەباسکردنی ئەم گرفتە بۆ ئەوانەی دان بەراستیدا نانێن، ماندوو نابم). دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی شۆڤینست ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ)، بەلام ئەحمەد سوورتر بوو. (دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا) لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خیانەت لەنیشتمانی دایە پاڵی و لەھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ رۆژنامەو دەزگای راگەیاندن داوای حوکمی ئیعدامیشیان بۆ کرد، بەلام ئەحمەد کایا، بێباک لەبەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەوروپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لەدوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی ئەحمەد کایای دا. لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کۆنسێرت لەپاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لەگۆڕستانی ناودارانی پاریس پیرلاشیز بەخاک سپێردرا، دوای خۆی، گوڵتەنی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی گوێ بگرە ولاتە خۆشەویستەکەمی بلاوکردەوە. ئەمەی خوارەوە، بەشێکە لەو داکۆکینامەیەی ئەحمەد کایا لەبەردەم دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا پێشکەشی کرد: (من لەسەر چەقۆ راوەستاوم! کەسێک کە لەپێناوی گەلەکەیدا دەجەنگێ. ئەم داکۆکینامەیەتان لەبیربێ… لەساڵی ١٩٨٥ مۆسیقارێکی پیشەیی بووم. ژنم ھێناوەو دوو کیژی حەڤدەو دوازدە ساڵەم ھەیە. سەدان سترانم داناوەو گەلێ ئاوازیشم بۆ کەسانی دیکە داناوە. حەڤدە ئەلبومم بلاوکردۆتەوە کە چەندان ملیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە. لەولاتانی دنیا کۆنسێرتم کردووەو چەند جارێک وەک گۆرانیبێژی ساڵ لەلایەن دەزگا ھونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە ھەڵبژێردراوم. تەمەنم چل و دوو ساڵەو لەتورکیا دادەنیشم. بەتورکی بیرم کردۆتەوەو بەتورکی نووسیومەو بەتورکیش گۆرانیم گوتووە. من مۆسیقارم و ھاوولاتییەکی ئەم دنیایەم کە خۆی بەموڵکی ھیچ ناوچەیەک نازانێ و ھەست و سۆزی رووی لەمرۆڤە. دڵم ئەوەندە گورەیە جێگای چاکەی گشت زمان و کولتوورو باوەڕو گۆرانییەکانی دنیای تێدا دەبێتەوە. تۆمەتێکم پێوە لکێنراوە کە ژیانی ھەڵگێڕاومەتەوە. تۆمەتی خیانەت. پێیان گوتووم کە من کەسێکی دووبەرەکی خواز، ئەڵقە لەگوێ و بێ ئەدەب و بێ ئەقڵ و شێتم. ئەم سیفەتانە تۆمەتی کەس و گرووپگەلێکی ناسراون. روانگەو قسەی مرۆڤێک- کە بنەمای ھەموو ئەم تۆمەتانەیە- لەھیچ ولاتێکی پێشکەوتوو و یاسا پەروەردا بەتاوان و تۆمەت ناژمێردرێن.

ئـــەحمەد کـــایا

کوردبوون من لەئەلبوومە تازەکەمدا گۆرانییەکی کوردیم گوتووە، چونکە من کوردم. کلیپیشم بۆ کردووە. باوەڕم وایە کەسانێک ھەن پێیانخۆشە لەتەلەفزیۆنەکانیاندا بلاوی بکەنەوە. ئەگەر وانەکەن، دەبێ گومان لە کورد بوون و مرۆڤ بوونیان بکرێ. ئایا ئەو کەسانەی کە بەخاین و دووبەرەکی خوازو دوژمن زانینی من، ھەستی سەلبی ھەوادارانم دەورووژێنن و دەبنە ھۆی جودایی چینایەتی و نەژادی، کەمینە نین؟ ئەو چەند ملیۆن کەسەی گوێ لەقسەکانی من دەگرن، خەڵک نین؟ من لەو ھۆڵە، بەبیستنی (خاین، بڕۆ دەرێ!)، توورەِ بووم، چونکە ئەم قسەیەم لەدەمی کەسانێک بیست، ھەر کاتێ وشەی (کورد)یان گوێ لێ دەبێ، جوێن دەدەن. لێرەوە پێیان دەڵێم، وازناھێنم تا واقیعیەتی بوونی کوردان قبوڵ دەکەن. بەبڕوای من، رێک ھەر ئەم کەسانە بوون کە وشەی (برایەتی)یان پێشێل کردو بوونەھۆی دروست بوونی درز لەناو کولتووری ھاوبەشی ولاتەکەمان. گەورەترین چەکی گۆرانیبێژێک گۆرانییەکانیەتی و من رێگا نادەم گۆرانییەکانم خراپ لێک بدرێنەوەو مانایەکی دیکەیان بۆ داتاشن. بۆ نموونە، ئەگەر من بمگوتبا گۆرانییەک بەزمانی ئیتاڵی ، یان عەرەبی و ئینگلیزی دەڵێم، ئایا ھەراو ھۆریایەکی لەم جۆرە دروست دەبوو؟ ئەم تۆمەت و سزا خواستنە، بەرای من ھەوڵی ھەندێ کەناڵی تەلەفزیۆنییە بۆ پەیداکردنی شتێک لەناو قسەکانم، تا زنجیرەی تەلەفزیۆنی لێ دروست بکەن. ئەگەر من لەھەموو کۆنسێرتەکانمدا کە ھەزاران کەس ئامادەی دەبن. شتێکم گوتبا و بووبا بەھۆی دووبەرەکی نێوان خەڵکی، ئەودەم دەمتوانی ئەم تۆمەتانەت قبوڵ بکەم، بەلام ھیچ نییە… کاتێ وێنەی ڤیدیۆیی ئەو شەوە لەلایەن زەینێکی رۆشن و بەویژدانەوە شی بکرێتەوە، ئەوجا دەزانین پیلانێک لەدژی من بەڕێوەیە. ھونەرمەندان لەھەر جێگایەکی دنیابن، یەک زمان و یەک شێوازی تایبەت بەخۆیان ھەیە کە بەھۆیەوە خۆیان دەردەبڕن. من لەبەر ئەوەی حەزی ھەوادارەکانم لەکۆنسێرتەکانم بەنیشانەی سەرکەوتنی خۆم زانیوە. بەنیشانەی سەرکەوتن بەخێرھاتنم کردوون. ئەمە بۆتە ئاڕمی من و لەتەواوی دیدارە تەلەفزیۆنییەکانیشمدا بینیوتانە. ئەم ئاڕمە، بەخێرھاتنێکی ھەمیشەییەو لەھەموو دنیادا لەلایەن سیاسەتمەدارو ھونەرمەندو ئەستێرەکانی وەرزشەوە بەکاردەھێنرێ. ئەم نیشانەی (٧)یە، سەرەتای وشەی Victoria بەمانای سەرکەوتنەو نابێ بەدوای مانایەکی تردا بگەڕێن.

دەربڕینێکی ئاشکرا خەڵکی ئێمە دەبێ تێبگەن کە چەند لەدنیای ئەمڕۆ دوورن، تا نیگەرانی دابەشبوونی ولات نەبن، بەھۆی گۆرانییەکی کوردی. ئەو شتەی ئەوانی تر لەژێر لێودا دەیڵێن، من بەھاوار دەریدەبڕم. ئێمە لەم ولاتەدا دەژین و ئەگەر لەڕاستییەکان بگەین، ژیان و ولاتێکی باشترو پێشکەوتووترمان دەبێ. وادیارە دەبێ من ئیدی لەگۆڕینی گۆرانییەکانم بەپارێزتربم و لەڕاستیدا ئیتر مۆڵەتی ئەو گۆڕینە بچووکانەشم نابێ، بەلام ئێوە پێتان وایە لەھەلومەرجێکی وادا من ھەست بەئازادیی بکەم؟ ئەم دادگایە، بەدروستبوونی، بەڵگەو مەنتیق و حوکمی دادپەروەرانەی لەبەرچاو نەگرتووەو ھەموو یاساو رێساکانی دنیای پێشێل کردووە. من ئیدی ئەم ولاتە بەجێ دەھێڵم کە من بە(دووبەرەکی خواز)و( خاین) ناو ببەن). ئەلبوومی گۆرانییەکانی ئەحمەد کایا: (یاخی دەبم، ناو: خۆشبەخت، گرفتاری دەردەسەرم، سترانی بەیان، دیواری ئەشق، سەردەمێک دێ، گۆرانییەکانم بۆ چیاکان، دەستم لێ مەدە دەسووتێی، مەگری بچکۆل).

ھەڵبەستەکان:

یاخی دەبم

وەرامیان بۆ دەگێڕمەوە
ئەو دایکانەی دەستیان خستۆتە سەر دڵیان
باسی زیندانەکان دەکەم، لەژان دەدوێم
ئاژاوەیەک بەرپا دەکەم
چونکە لەوانە دەترسم کە سەریان خستۆتە ژێرخاک!
یاخی دەبم
کۆلانەکانی پڕماتیک رووت دەکەمەوە
پێناوە پیسەکانیش
ناوەکان گۆناکەم
من شەپۆلی دەریای گەلم
ئەو گوللەیەی پشتی لەخەڵکە
یاخی دەبم… ھێی
دێم باوەڕ بکەن… دێم…
ھاوارەکانم بەردەوامن…
لەو چاوانە دەدوێم کە خۆیان بەدەمامک شاردۆتەوە
لەقەدەغەکان و
حوکمی دادگا…
ناترسم
چونکە بەگازی شەمشەمەکوێرەیەک شێت بوومە
یاخی دەبم
سوێند بێ بەخوێن
تەسلیم نەبم…
گوڵێکم لەدارستانی گەل
ئێی… حیلەبازی بێ شەرەف
من ئەو خەنجەرەم شەڕ رادەگەیەنێ
گوللەیەکی تەقێنراوم
یاخی دەبم! ئایی
دێم… باوەڕم پێ بکەن
خەڵکینە… دێم!.

فریام کەوە

نەشاخ دەڕمێ، نە ئەم دیوارە
ئاە ھەڵدەکێشم! گریانم دێ!
وەرە لەکوێی؟/ پونگەکان وشک ھەلاتوونن بەھاریش ژاکاوە
چۆک دادەدەم! گریانم دێ!
فریام کەوە، وەرە لەکوێی؟
گوڵم لەکوێی؟
گیانم لەکوێی؟
چاوەڕوانم دەکەی بمرم.
ئەو دەمی دێی؟
دەست بەسەر بالیفی چۆڵدا دێنم…
ئاە ھەڵدەکێشم، دەگریم،
بگە فریام!
سووتام، تەنیا خەڵووزم لێماوە
چۆک دادەدەم! دەگریم، وەرە لەکوێی؟
گوڵم لەکوێی؟
گیانم لەکوێی؟
چاوەڕوانم دەکەی بمرم
ئەو دەمێ دێی؟
دەڵێن گەورە دەبی، بچکۆڵ!
تۆ نازانی زیندان چییە
لەمانای زەردیی پایزیش ناگەی
گریانی من نابینی،
لەکونجی زیندانی ساردوتاریک…
دەڵێن گەورە دەبی، گچکەل
ئەشق ھی منەو حەسرەت ھی تۆیە
ئێواران بەدوای تاریکیدا دەگەڕێن
شەوەکان، دەبنە رۆژ،
یەک بەیەک!
شەوانە بەدوامدا مەگەڕێ
لەتاریکی پڕ لەدەرد مەڕوانە
من لەناو ھەتاودا دەگەڕێم
بەرۆژی رۆشن، بەدوامدا بگەڕێ
رۆژێک دێ، دێمەوە…
بەبارێ خۆشویستن، رامووسان
ئێواران بەدوای تاریکی دەکەون
شەوەکان، دەبنە رۆژ، یەک بەیەک

تۆو

رۆژان تێپەڕین، سالان رابردن
تۆم نەبینی، کیژە جوانەکە!
بەداخەوە بووم بۆ وێنەکەی تۆ
ماوە لەدڵدا داخی دووریی تۆ!
پرسیم لەمانگی رووخۆش، ھەواڵت!
یەکسەر تووڕە بوو، رووی لێ وەرگێڕام
بەلام ئەو دەمەی ئەستێرەم دواند،
یەکسەر پێکەنی و پێم دا ھەڵشاخا…
شەوان کە ئاسمان ھێلانەی مانگە
تۆوی ژێر زەوی زۆر زۆر دڵخۆشن،
ئەگەر ئەم جارە نەگەڕێیتەوە،
سینەم پڕ دەبێ لەدەردو ئازار…!
خەنجەری ئەشقم لەسینگی خۆدا
زامە کۆنەکان، گڕیان تێبەردام
ئەگەر کازیوە، نەگەڕێیتەوە
بزانە دەمرم، ئیتر من فەوتام!

ئیدی بەسە

شتێک بڵێ کە نەزانم
بۆ نموونە (خۆشبەختی)م پێ بناسێنە
تاحەز بکەی درۆم بیستن،
شتێک بڵێ کە نەیزانم
سترانێکی نوێ بێژە،
باسی لێکدابڕان نەکا
واز لەگۆرانییە کۆنەکان بێنە
لەو بەھارە مەدوێ
کە لەمێژە نەھاتووە!
شتێکم پێ بڵێ، نەزانم!
زۆر بێزارم لەو ھەموو چیرۆکە کۆنە
فێرە پێکەنینم بکە
شیعرێک بخوێنەوە کە شوێن پێی خەم،
لەچاوەکانمدا جێ نەھێڵێ.
شتێک بڵێ کە نەزانم!.

مەرگیش دەلەرزێ

لەو چۆڵە، لەداریان بەستەوە
بەشێوەیەک چاوی لێکنا
دەتگوت دەچێتە خەوێکی پڕ لەخەون.
باسرمەیەک ھەڵی کردو
ھەتا مەرگیشی دەلەرزاند
ئەمە خوێنەکەی خۆیەتی
کە بەدەنگە سپییەکەی-
داستانان دەبێژێ!
چۆکیان دادا
تەقەیان لەتفەنگان ھەستاند
دڵی بووە لانەی رەوە داڵی قوڕقوشم
باسرمەیەک ھەڵی کردو
ھەتا مەرگیشی دەلەرزاند!
ئەوشەوە کۆترێک
لەلەپی دەستیدا، ھەڵکوڕما
لەکەی خوێنیش کەلەپچەکەی رازاندەوە
-ئەمە خوێنی ئەوە،
کە بەدەنگە سپیەکەی-
داستانان دەبێژێ!.
برچسب‌ها:

مکائیل

24 نوامبر 2012 بیان دیدگاه

گوڵ/ قانع

28 اکتبر 2012 بیان دیدگاه

گوڵ/ قانع

عکس

گوڵ ئەگەر ئەقڵی ببێ،

قەت سەر لە خاك ناکاتە دەر

چـونکە ڕۆژی دڕك و داڵە،

گەرمی بازاری گیا

***

ئەی فەلەک ڕاستۆ نە بی،

بۆ ڕێك وپێکی دەوەرەکەت

گورگ ئەبێتە شوانی ڕان و

دز ئەبێتە ئەولیا

برچسب‌ها: , ,

سەربازی ون / عەبدوڵڵا پەشێو

28 اکتبر 2012 بیان دیدگاه

سەربازی ون /عەبدوڵڵا پەشێو

 کە وەڤدێ دەچێتە شوێنێ

بۆسەر گۆڕی سەربـازی ون

تـاجـە گـوڵینـەیــەک دێنــێ

ئـەگەر سبەی وەڤدێـک بێتە وڵاتـی من

لێم بپرسێ کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟

دەڵێم گەورەم لە کەناری هەر جۆگەیێ

لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ

لە بەردەرگای هەر ماڵێ، هەر کڵێسەیێ هەر ئەشکەوتێ

لە سەر گابەردی هەر شاخـێ

لەسەر درەختی هەرباخێ لەم وڵاتە

لەسەر هەر بستە زەمینێ

لـەژێر هەر گـەزە ئاسمانێ

مەترسە کەمێک سەر داخە و تاجە گوڵینەکەت دانێ

شەهید /شێرکۆ بێکەس

27 اکتبر 2012 بیان دیدگاه

شەهید / شێرکۆبێکەس

شەهید نەمرە وەکوو شاخ

وەکوو بەفر، وەکوو درەخت

وەکوو بەهار و گوڵەباخ

شەهید ئاوە

تینوێتی زەوی ئەشکێنێ

پەنجە و دەستە

ئازاری خاک ڕائەژەنێ

سۆمای چاوە

کام دوا ڕۆژ دوورە ئەیبینێ

شەهید باڵای بە قەد باڵای کوردستانە

دڵی ئازادی و بەیداخی

لووتکەی هەڵوێستی ئینسانە

دنبال‌کردن

هر نوشتهٔ تازه‌ای را در نامه‌دان خود دریافت نمایید.